ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە دەڕوانێتە کوردستان، بەڵکوو لە زیندانەکانیشدا کوردەکان زوڵمی چەند قاتیان لێدەکرێ.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهاندا، مەترسییەکی گەورە لە سەر زیندان و زیندانییەکانە و لە ئێران بەهۆی پێڕانەگەیشتن و ستانداردنەبوونی زیندانەکان مەترسییەکە زیاترە. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە کە زیندانییەکان ئازاد بکەن بۆ ئەوەی تووشی کۆڕۆنا نەبن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بێگوێدانە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە سیاسەتی دژە ئینسانیی خۆیان بەردەوامن.
لەگەڵ ئەوەی کە خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵێک شەرت و شرووتەوە فەرمانی ئازادکردنی بەشێک لە زیندانیانیدا بەڵام ئەو بڕیارەش ئازادیخوازان و زیندانیانی سیاسی و بە تایبەت زیندانییە کوردەکانی نەگرتەوە.
زیندانیانی سیاسیی کورد هەمیشە لەژێر ئەشکەنجە و ئازار و هەڵاواردن دان و کاربەدەستانی ڕێژیم بە دوای بچووکترین بیانوو و بەڵگەوەن بۆ ئەوەی کە سزای قورس بەسەر زیندانیانی کورددا بسەپێنن و، لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا هەزاران زیندانی سیاسی و خەڵکی بێتاوان لە دادگایەکی فەرمایشیدا حوکمی زیندان و لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئازادکردنی زیندانیاندا، بۆ ئازاد کردنی دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی هەژار عەبباسی و مەنسوور شارەبان داوای ٦ میلیارد تمەنیان کردووە. هەروەها دوو زیندانی دیکەی کورد بە ناوەکانی فارووق شاروێرانی و ئەمیر پەیغامی کە ماوەی چەند ساڵێکە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان حوکمدراون و زیندانی کراون و بۆ کرمان دوورخراونەتەوە، بەڵام لە دادسەرای نیزامیی ئورومیە قازی پێی ڕاگەیاندوون کە ئەوە منم بڕیار دەدەم کە ئێوە ئازاد بکرێن یان نا و هەر بۆیە هیچ بڕیارێک ئێوە ناگرێتەوە.
شایانی باسە کە لەم ماوەیەدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەیان کەس لە زیندانییان بەتایبەت زیندانییانی سیاسی گیانیان لەدەست داوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا چەند جارێک بەشێوەی ڕەسمی نیگەرانی خۆیان لە دۆخی نالەباری زیندانییانی سیاسی دەربڕیوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر سیاسەتە دژە ئینسانییەکانی خۆیان هەر سوورن و هیچ بایەخێک بە گیانی زیندانییان نادەن.