هەڵاواردن لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییدا بەردەوامە

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە دەڕوانێتە کوردستان، بەڵکوو لە زیندانەکانیشدا کوردەکان زوڵمی چەند قاتیان لێدەکرێ.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهاندا، مەترسییەکی گەورە لە سەر زیندان و زیندانییەکانە و لە ئێران بەهۆی پێڕانەگەیشتن و ستانداردنەبوونی زیندانەکان مەترسییەکە زیاترە.  لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە کە زیندانییەکان ئازاد بکەن بۆ ئەوەی تووشی کۆڕۆنا نەبن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بێگوێدانە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە سیاسەتی دژە ئینسانیی خۆیان بەردەوامن.

لەگەڵ ئەوەی کە خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵێک شەرت و شرووتەوە فەرمانی ئازادکردنی بەشێک لە زیندانیانیدا بەڵام ئەو بڕیارەش ئازادیخوازان و زیندانیانی سیاسی و بە تایبەت زیندانییە کوردەکانی نەگرتەوە.

زیندانیانی سیاسیی کورد هەمیشە لەژێر ئەشکەنجە و ئازار و هەڵاواردن دان و کاربەدەستانی ڕێژیم بە دوای بچووکترین بیانوو و بەڵگەوەن بۆ ئەوەی کە سزای قورس بەسەر زیندانیانی کورددا بسەپێنن و، لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا هەزاران زیندانی سیاسی و خەڵکی بێتاوان لە دادگایەکی فەرمایشیدا حوکمی زیندان و لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئازادکردنی زیندانیاندا، بۆ ئازاد کردنی دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی هەژار عەبباسی و مەنسوور شارەبان داوای ٦ میلیارد تمەنیان کردووە. هەروەها دوو زیندانی دیکەی کورد بە ناوەکانی فارووق شاروێرانی و ئەمیر پەیغامی کە ماوەی چەند ساڵێکە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان حوکمدراون و زیندانی کراون و بۆ کرمان دوورخراونەتەوە، بەڵام لە دادسەرای نیزامیی ئورومیە قازی پێی ڕاگەیاندوون کە ئەوە منم بڕیار دەدەم کە ئێوە ئازاد بکرێن یان نا و هەر بۆیە هیچ بڕیارێک ئێوە ناگرێتەوە.

شایانی باسە کە لەم ماوەیەدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەیان کەس لە زیندانییان بەتایبەت زیندانییانی سیاسی گیانیان لەدەست داوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا چەند جارێک بەشێوەی ڕەسمی نیگەرانی خۆیان لە دۆخی نالەباری زیندانییانی سیاسی دەربڕیوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر سیاسەتە دژە ئینسانییەکانی خۆیان هەر سوورن و هیچ بایەخێک بە گیانی زیندانییان نادەن.

About The Author

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *