زیندانیی سیاسیی کورد “حەبیبوڵڵا لوتفی” لە زیندانی سنە مەترسی تووشبوون بە کۆرۆنای لەسەرە.
بە پێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی کوردستان، “حەبیبوڵڵا لوتفی” ئەو زیندانییە کوردەی کە بە زیندانیی هەتاهەتایی مەحکووم کراوە و ماوەی ١٣ ساڵە بە بێ بوونی مافی مەرەخەسی لە زینداندا بەسەر دەبا، ماوەی چەند ڕۆژ دەبێ نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەرکەوتووە و دۆخی تەندروستی ناوبراو ناجێگیرە و تاوەکوو ئێستا هیچ چارەسەرێکی پزیشکیی بۆ نەکراوە.
جێی ئاماژەیە کە ساڵێک لەمەوپێش پزیشکیی تایبەتی زیندانی سنە ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو تووشی نەخۆشی سەندروم و خەمۆکی بووە و لە دۆخێکی تەندروستی خراپدا کات بەسەر دەبا.
“حەبیبوڵڵا لوتفی”، چالاکی سیاسی و خوێندکاری بەشی ئەندازیاری، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی دەسبەسەر و بە تۆمەتی “بانگەشە دژی ئەمنییەتی وڵات” حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا و دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر بەندکرانیدا حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەمکرایەوە.
جێی ئاماژەیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیندانەکان پڕ مەترسیترین شوێنی تووشبوون بەو ڤایرۆسەن و تاوەکوو ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانییان تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە و گیانیان لەدەست داوە، لەگەڵ ئەوەی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییەکانی لە زیندانەکانی ئێراندا، بەڵام زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی هەروا لە زیندانەکاندان و مافی مەرەخەسیان پێ نادرێت و مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەیان لەسەرە، هەر ئەم هەڵاواردانە بۆ پێدانی مافی مەرەخەسی بووەتە هۆی چەند سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی لە زیندانەکانی ئێراندا و لە لایەکی تریش ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ چەندین جار داوایان لە ئێران کردوە کە زیندانییەکان ئازاد بکا.