ئێكبوون

كه‌ریم په‌رویزی

زۆر شتی جیاواز ده‌توانێ هۆكار بێ تا ژماره‌یه‌ك مرۆڤ به‌ده‌وری یه‌ك كۆ ب‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و له‌ كات و سامان و ژیانیانی بۆ ته‌رخان بكه‌ن؛ به‌و مانایە كه‌ ڕه‌نگه‌ پێوه‌ندییه‌ خزمایه‌تییه‌كان ده‌وری گرنگی هه‌بێ یان ڕه‌نگه‌ ناسنامه‌یه‌كی ناوچه‌یی یان گه‌وره‌تر له‌ ناوچه‌یه‌ك، به‌شێك له‌ وڵات یان ته‌نانه‌ت ناسنامه‌ی گشتگیرتری هه‌موو كۆمه‌ڵگا ئه‌و بیانووی پێكه‌وه‌بوونه‌ دابین بكا. ڕه‌نگه‌ به‌رژه‌وه‌ندییە جیاوازه‌كانی مرۆڤه‌كان له‌ خاڵێك و ده‌رووچه‌یه‌كی تایبه‌تیدا یه‌ك بگرنه‌وه‌ و ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ كه‌سه‌كان پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و شته‌ی كه‌ خێری گشتیانی تێدایه‌، ڕه‌نگه‌ بڕوا و هزری هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌یان گرێ بدا و ده‌ست له‌ ده‌ستی یه‌ك بنێن تاكوو ئه‌و بڕوای هاوبه‌شه‌ سه‌ر بخه‌ن.

هه‌ركام له‌و بیانووه‌ جیاوازانه‌ بۆ به‌ده‌وری یه‌كه‌وه‌بوون، ڕه‌نگه‌ له‌ دیمه‌نێكی گشتیدا هاوتا بێنه‌ به‌رچاو و هه‌موویان وه‌كوو هۆكاری گرێدرانی مرۆڤه‌كان به‌ پێناسه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له تاك بناسرێن كه‌ پێی ده‌ڵێن گرووپ یان ڕێكخراو، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ركام له‌ هۆكاره‌كان، دیارده‌ی جیاواز و ده‌ركه‌وته‌ی جیاوازیشیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌وه‌یکە گرنگه‌ حیزبی دێموكرات له‌ نێو ئه‌و بیانووانه‌دا، یان به‌ زمانێكیی دیكه‌ بڵێین هانه‌ و مۆتیڤانه‌دا چه‌ند لایه‌نی جیاواز و هانده‌ری جیاواز بۆته‌ هۆی پێكهاتنی و له‌ درێژه‌ی تێكۆشانیدا گه‌شه‌ی كردووه‌ و هۆكاره‌كانی پێكه‌وه‌گرێدانی تاكه‌كانی كه‌ پێیان ده‌ڵێن ئه‌ندام، زیادیشیان كردووه‌ و بۆیه‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی سیاسی بۆته‌ بوونێكی زیندوو كه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش گه‌شه‌ ده‌كا.

هۆكاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له‌ ڕێكخراوێكی وه‌كوو حیزبی دێموكراتدا كه‌ چه‌ند ڕۆژی دی ٧٧ ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونی تێده‌په‌ڕێ، جیاوازن و ڕه‌نگه‌ هۆكاره‌ جیاوازه‌كان، له‌ هه‌ندێ كاتی ته‌نگه‌به‌ریدا ببنه‌ هۆكاری په‌رته‌وازیش، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حیزبێكی زیندوو و گه‌شه‌سه‌ندووی وه‌كوو حیزبی دێموكرات له‌و ئه‌زموونه ‌تاڵانه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرێ و هۆكار و بیانووی جیاوازی مرۆڤه‌ تێكۆشه‌ره‌كان بكاته‌ ده‌سمایه‌ بۆ به‌هێزیی حیزبه‌كه‌ و ڕه‌نگامه‌بوونی ڕێكخراو كه‌ خۆشه‌ویستیی و خوێنشیرینیی لای خه‌ڵك به‌و ڕه‌نگه‌ جیاوازانه‌وه‌ زیاتر بكا و حیزبێكی ڕه‌نگین و پڕ له‌ جوانی نیشانی خه‌ڵك بدرێ تاكوو ژماره‌ی زیاتری به‌ده‌وری كۆببنه‌وه‌.

جارێكی دیكه‌ كه‌ حیزبی دێموكرات یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌ ڕیزه‌كانی دێته‌وه‌ ئاراوه‌، ئه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌ ده‌بێ ببێته‌ پێكه‌وه‌بوونێك كه‌ به‌ هه‌موو ئه‌ندامانی چ له‌ ئێستا و چ‌ له‌ داهاتوودا بڵێ كه‌ هۆكاره‌كانی پێكه‌وه‌بوونمان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن كه‌ هیچ بیانوویه‌ك ناتوانێ لۆژیكی لێكدابڕانمان پاساو بۆ بهێنێته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ نێو حیزبێكدا به‌ سیما و ڕه‌نگ و حه‌زی جیاوازه‌وه‌، ده‌توانین وه‌ها ده‌فرێك دروست بكه‌ین كه‌ هۆكاره‌ جیاوازه‌كان نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی لێكهه‌ڵبڕانمان نه‌كه‌ن به‌ڵكوو ببنه‌ وزه‌ی زیاتر و هانده‌ری زیاتر بۆ ڕاكێشانی خه‌ڵكی دیكه‌ش بۆ لای ڕیزه‌ پێكه‌وه‌گرێدراوه‌كانمان.

ئێكبوونمان نه‌ به‌ مانای سڕینه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كان و كپكردنی ده‌نگه‌كان، به‌ڵكوو بۆ به‌هێزتركردنی خه‌باتمان و پته‌وكردنی گرێچنی هزری هاوبه‌ش و خولیای هاوئاراسته‌مانه‌. جارێكی دیكه‌ مێژوو پێمان ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌ هیچ لێكترازان و ئینشعابێك له‌ حیزبی دێموكراتدا سه‌ركه‌وتوو نابێ و حیزبی دێموكرات یه‌كه‌ و كوردستان یه‌ك دێموكراتی ده‌وێ.

 

About The Author

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *