حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد لە پێش چاوی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ پێشی مەهاباد لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٤ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە کە لە بەندی ١_٢ ڕاگیرابوون، ڕۆژی ڕابردوو گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەکە.سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگەیاند کە، ئەو دوو بەندکراوە لە پێش چاوی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ پێشی مەهاباد کە لە کاتی نمایشی سەربازی سالوەگەری شەڕی ئێران و عێراق لە مەهاباد، ڕووی دابوو، لەسێدارە دراون.ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای ئەوەی کە نیگەرانی خۆی بە نیسبەت گواستنەوەی لەناکاوی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییەیە بۆ ژووری تاکەکەسی دەربڕیبوو، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد هەتا گوشار بخەنە سەر حکوومەتی ئێران و ڕێگری بکەن لە جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردانە.هەر لەو ڕاستایەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە ئەو دوو لاوەی پێشێلکردنی ئاشکرای دادپەروەری و پێشێلکردنی کارەساتبار و قەرەبوونەکراوی مافی مرۆڤ زانیبوو.لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو کە حوکمی سێدارەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە بێ سێ و دوو هەڵوەشێننەوە بواری دادگایی کردنی دادپەروەرانە بە بێ بەکارهێنانی زۆر و دانپێدانانی زۆرەملی بڕەخسێنن.دیاکۆ ڕەسووڵزادە و کەسیکی دیکە بە ناوی حوسێن عوسمانی ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٣ و سابیر شێخ عەبدوڵڵا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی ڕەشەمەی ٢٧١٣ (١٤ی مارسی ٢٠١٤) هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مەهابادەوە حوکمی سێدارە لە پێش چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی ئەنجامی تەقینەوە لە ساڵی ١٣٨٩ و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکان ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپا.حوکمی سێدارەی حوسەین عوسمانی لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشێندرایەوە و پەروەندەی دیاکۆ و سابیر نێردرا بۆ دادگایی شۆرشی ورمێ، حوسەین عوسمانی مانگی رەزبەر ساڵی ڕابردوو حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە.سابیر و دیاکۆ ساڵی ١٣٩٦ بۆ جاری دوهەم و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی چابۆک، بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبە کوردیەکان حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرا و بە مەبەستی جێبەجێ کردن نێردراوەتەوە بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی حوکمەکان.ئەو سێ بەندکراوە سیاسیە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دانپێدانان ئەشکەنجە کراون لە ئاکامدا ناچار کران لە دانپێدانانی تلویزیۆنیدا بەشدار بن.ئەو دانپێدانانە لە حاڵێکدا بووە کە ڕێکەوتی ٤ی مانگی رەزبەری ساڵ ١٣٨٩ محەمەد پاکوپور فەرماندەی هێزی ویشکانی سپای پاسداران کوژرانی بەڕێوەبەرانی تەقینەوەی مەهابادای ڕاگەیاندووە.

 

About The Author

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *