سێ بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەک مانیان لە خواردن گرتووە

دوای ئەوەی هەر یەک لە زەینەب جەلالیان و سەکینە پەروانە، لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانیان لە خواردن گرت، ژمارەی ئەو بەندکراوە کوردانەی کە ئێستا لەو بەندیخانەیە مانیان لە خواردن گرتووە گەیشتە سێ کەس. پێشتر سوهەیلا حیجاب لەو بەندیخانەیە مانی لە خواردن گرتبوو.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ، ئەمڕۆ شەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، هەر یەک لە زەینەب جەلالیان خەڵکی ماکۆ و سەکینە پەروانە خەڵکی خوراسان لە بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاندووە.

دوای هەڵکۆتانی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر بەندی قەرەنتینە و بە بیانووی پشکنینی زەینەب جەلالیان و سوهەیلا حیجاب ویستوویانە کە سووکایەتییان پێبکەن کە لەگەڵ کاردانەوەی ئەو دوو بەندکراوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.


زەینەب جەلالیان کە حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، ماوەی دوو مانگە لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە و خوازیاری گەڕاندنەوەیەتی بۆ بەندیخانەی شاری خۆی لە پارێزگای ئورمیە.


ئەو بەندکراوە کوردە ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی آوریلی ٢٠٢٠)، لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و لەواتەوە لە بەندی قەرەنتینەی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.


هاوکات، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسی کورد کە حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندی ٣ی بەندیخانەی قەرچەک، کە بەندی تایبەت بە تاوانە مەترسیدارەکانە، ڕاگیراوە، بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاگیرانی لەو بەندە و ڕەچاو نەکردنی یاسای جیاکردنەوەی بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکان، مانی لە خواردن گرتووە.


ئەو بەندکراوە کە خەڵکی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوییە، چەند ڕۆژ پیش لەلایەن بەندکراوانی ئەو بەندەوە درابووە بەر لێدان و کوتان.


لەلایەکی دیکەوە، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژی سێشممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پارێزەرە کوردە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگیرانی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتووە و داوای کردووە کە بیگوازنەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران.

About The Author

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *