خوێندکارێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشان گیانی لە دەست دا

خوێندکارێکی بواری دەرمانسازی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان کە ١٨ مانگ پێش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لە دەست داوە و ئەمڕۆ تەرمەکی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بنەماڵەی لاوێکی خەڵکی جوانڕۆیان بە ناوی “خەلیل مورادی” تەمەن ٣٢ ساڵ ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانی لە دەست داوە.


خەلیل مورادی خەڵکی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی شاری جوانڕۆ و خوێندکاری دەرمانسازی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان بووە، کە مانگی خەزەڵوەی ٢٧١٨ (پاییزی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مورادی، خەلیل مورادی لەکاتی دەستبەسەر کران لە دەرمانخانەیەکی کرماشان سەرقالی ئیش بووە و لەو کاتەوە بنەماڵەکەی لە چارەنووسی بێ ئاگا بوون.


ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، بنەماڵەی مورادی کە “بنەماڵەی شەهیدی ئێران”ن مانگی ڕابردوو بەرپرسێکی حکوومەتییان بە پارە ڕازی کردووە کە لە دۆخی ڕۆڵەکەیان ئاگاداریان بکاتەوە و ئەویش تەنیا وڵامی ئەوە بووە کە خەلیل لە ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگیراوە.


جێگای ئاماژەیە کە خەلیل مورادی لە کاتی دەستبەسەر کران لە هەموو مافە یاساییەکانی خۆی وەکوو ئاگادار کردنەوەی بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە. هەتا ئێستا هیچ یەک لە بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی پارێزگای کرماشان لەبارەی مەرگی گوماناوی ناوبراو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لێدوانیان نەداوە.

About The Author

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *