شەش بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کران

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەش بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوتوون و لەبەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هەر یەک لە سەعید کاکایی، ئەنوەر مام عەزیزی، ئیسماعیل سانیار، مستەفا قادر زەینەب، ناسر خاتەمی و هێمن مام قادر کە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان ڕاگیرابوون، بەر لێبوردنی نەورۆزی کەوتون و ئازاد کراون.


ناسنامەی ئەو شەش بەندکراوە سیاسییە کە سەرجەمیان خەڵکی بۆکان بوون بە شێوەی خوارەوەیە؛

١_ ئەنوەر مام عەزیزی، بە تۆمەتی پڕوپاگەنەدە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و لە پاییزی ڕابردووە لە بەندیخانەی بۆکان ڕاگیراوە. هەواڵی دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم بە سەر ئەم هاووڵاتییە بۆکانییە هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و زانیاری زیاتر لە سەر دۆسیەکەی لە بەر دەستدا نییە.


٢_ ئیسماعیل سانیار، بەفرانباری ٢٧١٦ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ (پژاک)لەلایەن لقی دەهەیمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ حوکمی ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


٣_ ناسر خاتەمی، مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە، ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات حوکمی یەک سال بەندکرانی بەسەردا سەپا و بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازرایەوە. ناوبراو پیشتر بۆ ماوەی ٦ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە.


٤_ مستەفا قادر زەینەب، ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٣ی مارسی ٢٠١٩) لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی ورمێ بە ناوی ”ڕەحیم مەحموودی ئازەر“ کە لە ناو ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوون، لە شاری حەلەب خۆیان ڕادەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد کرد و دواتر لەلایەن ئەوانەوە ڕادەستی سپای پاسداران کرابوون.
ئەو دوو لاوە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا نەجەف زادە هەر کامەیان حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە بە پێی یاسا ٥ ساڵی جێبەجێ دەکرێت.
بە پێی ئەو حوکمە ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامەیان بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی ”کۆبوونەو تەبانی“ حوکمی ٥ ساڵ و بە تۆمەت ”پڕووپاگەندە دژ بە حکوومەت حوکمی ١ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.
حوکمی ئەو دوو هاووڵاتییە دوادتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە و بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامیی، زیاترین حوکمیان واتە ٥ ساڵ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.


٥_ سەعید کاکایی، ساڵی ٢٠١٨ دوای جیابوونەوە لە حیزبی دێموکرات گەڕایەوە و دواتر دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا بوو. ناوبراو زستانی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی دەستبەسەر کرابوو.


٦_ هێمن مام قادر، کۆتایی بەهاری ٢٧١٧ (٢٠١٧) لە شاری بانە دەستبەسەر و لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە. ناوبراو پاییزی ساڵی ڕابردوو گوازرابوویەوە بۆ بەندیخانەی شاری بۆکان.

About The Author

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *